شاعیر: نامی
کتێب: بارانی ڕەحمەت
سەرناو: ھاتنی عائیلەی حەزرەت ﷺ و عائیلەی ئەبووبەکر -رضي الله عنه- بۆ مەدینە

زووتر ڕۆیی بوون زەید و بوورافیع
بە دوای عائیلەی سەییدی شافیع

جا لە مەککەوە ئەو دوو ئەمینە
عەیالیان ھێنا لەبۆ مەدینە

سەییدە سەودە و فاتیمەی زەھرا
«امّ كلثوم» و ڕوقەییەی سوغرا

«امّ ايمن» و ئوسامە، ھەموو
دڵیان بە لیقای ئەو شاھە خۆش بوو

عەبدوڵڵای کوڕی بووبەکری ئەفزەڵ
عائیلەی خۆیانی ھێنا بە کۆمەڵ

یاران لە مەککە و ئەتراف ھەرچی بوو
ھیجرەتیان فەرموو بۆ مەدینە زوو

گشت گرد بوونەوە بە شەرم و تەمکین
یەک حاڵ و یەک ماڵ، یەک دڵ و یەک دین

حەزرەت مەشغووڵ بوو بە نەشری ئیڕشاد
لەبۆ تەوحیدی خالیقی عیباد

بۆ ھێز و ئەسباب کەوتە ئیستیعداد
بۆ دەفعی فیتنە و ئاشووب و فەساد

ئەگەر بە ئیڕشاد نەگا بە نەجاح
بە کاری بێنێ بۆ غایەی ئیسڵاح

دەعوەتی ئەکرد ڕەئیس و ئەشراف
چەن تیپێ عومدەی ھەنارد بۆ ئەتراف